ئیبن سیرین ناوی تەواوی (ئەبوبەكری كوڕی موحەمەدی كوڕی سیرینی بەسری) یەو بە (موحەمەدی ئەنساری) و (ئیبن سیرین) ناسراوەو لەساڵی (653) میلادی و لەسەردەمی خەلافەتی پێشەوا (عوسمانی كوڕی
عەففان) (خوای لێ ڕازی بێت) و بەتایبەتیش دوو ساڵ بەرلە شەهید كردنی لەشاری (بەسرا) لەدایك بووە.
بەپێی گێڕانەوەی قامووسی ئیعلامی (شەمسەددین سامی)، (ئیبن سیرین) دایكی كەنیزەكەكانی (ئیمامی ئەبوبەكر) بووەو دواتر ئازادكراوە.
مامۆستا (گیوی موكریانی) لەپێشەكی كتێبی (خەوننامەی ئیبن سیرین) كەخۆی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی دەڵێت ، بەپێی لێكدانەوەكان (ئیبن سیرین) لەناوی گوندی (بەرسیرین) ی ڕۆژهەڵاتی شاری (ڕەواندوز) ەوە هاتووە.
(ئیبن سیرین) یەكێك بووە لەزانا بەناوبانگەكانی سەردەمی خۆی و زانا بووە لەزانستەكانی قورئان باوەڕ پێكراوی سەردەمی خۆی بووە بەتایبەتیش لەمەڕ لێكدانەوەی خەون تەواو شارەزا بووە.
لەژیانی خۆیدا (ئیبن سیرین) گوێی بۆ زۆر لەهاوەڵانی بەڕێزی پێغەمبەری سەردار (صلی الله علیه وسلم) گرتووە، وەك (عەبدولڵای كوڕی عومەر) و (جوندوبی كوڕی عەبدولڵای بەجەلی) و ئەبو هورەیرەو عەبدولڵای كوڕی زوبەیرو عیمرانی كوڕی حسەین و عودەی كوڕی حاتەم و سلێمانی كوڕی عامرو ئوم عەتییەی ئەنساری).
هەروەها لەژیانیشیدا چاوی كەوتووە بەهەریەكە لە (عوبەیدەی سەلـمانی و موسلیمی كوڕی یەسارو شورەیح و قەیسی كوڕی عەبادو عیلقەمەو رەبیعی كوڕی خەیسەم و حەمیدی كوڕی عەبدولرەحمانی حەمیری و عەبدولرەحمانی كوڕی ئەبی بەكرو خوشەكەكەی (حەفسەی كچی ئەبوبەكر) و چەندینی تر لەوانەی هاوەڵانیان بینیوە.
ئیبن سیرین خۆی دەڵێت: ئەو زیاتر لە 30 هاوەڵی پێغەمبەری سەرداری بینیوە (صلی الله علیه وسلم) و گوێی بۆ گرتوون و فەرموودەی زۆریان لێوە فێربووە، بەتایبەتیش زۆر بەدیار (حەسەنی بەسری) یەوە بووەو زۆر شتی لێوە فێربووەو نێوانیشی لەگەڵیدا زۆر خۆش بووە.
ئەوەی تێبینی دەكرێت لەژیانی ئەو گەورە زاناو شارەزایەی بواری لێكدانەوەی خەون، كەسێكی داناو حەكیم و لەسەرخۆو زانستخواز بووەو كاتەكانی ڕۆژانەی بەخواپەرستی و فێربوونەوە بەسەربردووەو هەروەكو پێغەمبەر داودیش ڕۆژێك بەڕۆژو بووەو ڕۆژێك شكاندوویەتی و شەوانەش شەونوێژی هەبووەو بەردەوامیش بیری خوای گەورەی كردووە.
یەكێك لەدۆستەكانی ئیبن سیرین ناوی (هیشامی كوڕی حەسان) بوو، ئەو لەیاداشتەكانی خۆی نووسیویەتی، ئەوانە زۆرجار گوێم لێبووە ئیبن سیرین لەكاتی شەو نوێژەكانیدا دەگریاو ئەگەر باسی مردنمان لابكردایە ڕەنگی دەگۆڕاو وەك ئەوە وابووە كەهەرگیز بابەت و شتێكی لەو جۆرەی نەبیستووە.
بەپێی ئەو سەرچاوانەی كەباس لەژیانی ئیبن سیرین دەكەن، ئاماژەیان بەوەكردووە كەناوبراو 30 كوڕی هەبووە، بەڵام جگە لەیەكێكیان كەسی بۆ نەماوەتەوە ئەویش ناوی (عەبدولڵا) بووە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی باسیش لەوەكراوە كەلەدوای خۆیدا (23) كوڕی نەوە هەبووەو سەروەت و سامانەكەشی لەكاری بازرگانی تووشی زیانێكی زۆر هاتووەو هیچی بۆ نەماوەتەوە.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان (ئیبن سیرین) لەبازرگانی كردنی رۆنی زەیت تووشی زیانێكی زۆر دەبێت و دواتریش بەهۆی قەرزارییەوە تووشی بەندیخانە دەبێت و لەوێشدا ژیانی بەندیخانە بۆی دەبێتە وێستگەیەكی گرنگ و زۆر شت لەوێوە فێردەبێت و زۆریش فێردەكات و لەگەڵ گیراوەكانی نێو بەندیخانەكە زۆر نەر و نیان و لەسەرخۆ دەبێت.
بەرلەكۆچی دوایی كردنی (ئەنەسی كوڕی مالیك) خوای گەورە لێی رازی بێت هاوەڵی بەڕێزی پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) وەسیەت دەكات كاتێك كۆچی دوایی دەكات دەبێت (ئیبن سیرین) بیشوات.
ژیاننامەی ئیبن سیرین پڕیەتی لەحیكمەت و دانایی و فێرخوازان دەتوانن زۆر شتیان لێوەفێرببن و هەمیشە زانست لەو فێرببن، ئەو كەسێكی ڕاستگۆبوو ژیانی پڕیەت لەوێنای جوان جوان كەشایەنە بكرێتە پێشەوایەكی نموونەیی و زانستخوازێكی زیرەكی سەردەمی خۆی و بازرگانێكی دەستپاك بوو.
ئیبن سیرین كەسێكی دڵفراوان و باوەڕدارو سوپاسگوزار بوو، لەسەرخۆو ئارامگر بوو وێردی خوای گەورەی بەردەوام لەسەر زاری بووەو بەشەو شەونوێژی هەبووەو لەخوا پاڕاوەتەوە.
داناو زانایان و فەقیهان لەباسی (ئیبن سیرین) دا ووتویانە :
- خەتیبی بەغدادی لەكتێبەكەی خۆیدا لەوەسفی (ئیبن سیرین) دەڵێت : ئەو كەسێكی خوا پەرست و زانابوو فەقیهێكی سەردەمی خۆی بوو.
- مۆرەق عەجەلی دەڵێت : هیچ پیاوێكم نەبینی هێندەی (ئیبن سیرین) خواپەرست و فەقیهـ بێت.
- ئیبن عەون دەڵێت : ئەو پیاوێكی لەسەرخۆی ئەو ئومەتەبوو.
- عوسمان بەتی دەڵێت : لەو شارە هیچ كەسێكم نەبینیوە هێندەی ئەو پیاوە دادوەر بێت.
- خەلەف دەڵێت : ئەو پیاوێكی لەخواترس و لەسەرخۆو ئارامگر بوو، هەر كەسێك ئەوی ببینابوایە یادی خوای بیر دەكەوتەوە.
- یونسی كوڕی عوبێد دەڵێت : ئەو هیچ شتێكی نەدەوت ، جگە لەباسی ئایین و خواپەرستی.
- سوفیانی كوڕی عەیینە دەڵێت : نەلەشاری كوفەو نەلەشاری بەسرا هیچ كەسێك وەكو ئەو پیاوە خواپەرست نەبووە.
لێكدانەوەی خەون ...
لەنێو كتێبخانەكاندا هەر كە چاومان بەناوی (ئیبن سیرین) دەكەوێت، ڕاستەوخۆ باسی خەون بەخەیاڵماندا دێت، چونكە زۆر گوێ بیستی خەون و خەوننامە بووین.
(ئیبن سیرین) لەنێو زاناكاندا لەدوای حەزرەتی (یوسف) بەڕابەری لێكدەرەوەی خەون ناودەبرێت، ناوبراو جگە لەكاری لێكدانەوەی خەون پۆلێنیشی بۆ خەون داناوە بەشێوەیەكی زانستیانەو مەرجدارو سیستەمی بۆ داناوە.
لەماوەی تەمەنیدا (ئیبن سیرین) دوو نووسراوی داناوە بەناوەكانی (تەعبیری روئیا و تەفسیری ئەحلام) كەئێستاش لەناو كتێبخانەكان بوونیان هەیەو سوودێكی زۆریان لێوەرگیراوە.
لەبارەی لێكدانەوەی خەون، (ئیبن سیرین) دەڵێت: لەپێشدا دەبێت باری ژیان و تەمەن و كاروبارو ئایین و خووڕەوشتی خەون دیتو بزاندرێت، چونكە خەونێك دوو كەس بیبینن وەكو یەكتری بۆیان لێك نادرێتەوە.
هەروەها لەپێشەكی كتێبەكەیدا (تەعبیری روئیا) (ئیبن سیرین) دەڵێت : بەپێی فەرموودەی پێغەمبەری سەردار (صلی الله علیه وسلم) خەونی باش پارچەیەكە لە 46 پارچەی سروشتی پێغەمبەرایەتی، لەكۆنیشەوە خەون بینین بەدروشم و یادگارییەكی نەتەوایەتی و ئایینی سەیركراوە.
ناوبراو دەڵێت : خەونێك جێگەی بڕواو بایەخدارە كەلەدوای شەوگاردا بیندرابێ، چونكە لەو دەمەدا هۆش (عەقڵ) هێمن و رەوشەن و گیانیش بۆ ئەوەی پەی بەڕازە نهێنییەكانی ئاسمانی ببات ئامادەتر دەبێ و جگە لەوەش چەند مەرجێك دیاریكراوە وەك :
1. خەون بین نابێت بەشەو زۆری خواردبێ
2. خەون بین كەنەخۆش و بریندارو ماندوو لەش بەبار نەبێ پەسەند ترە.
3. خەون بین مەبەستی ئەو خەونەی كەدیتوویەتی، نابێ لەكاتی بێداریدا بیستبێتی یا دیتبێتی یا بەدڵیدا هاتبێ یان خوێندبێتییەوە.
4. خەون بین دەبێ شەوێ سەرخۆش و تریاك كێش و شێت نەبووبێ.
هەروەها تێبینی ئەوەشكراوە، كەبینینی خەون بۆ دووكەس وەك یەك نییەو لێكدانەوەی جیاجیایان بۆ دەكرێت.
دوای بەسەربردنی تەمەنێك لەنزیكەی هەشتا ساڵ، (ئیبن سیرین) ی زاناو دانا لەبەرواری (9 ی شەوالی ساڵی 110 ی كۆچی كەبەرامبەرە بەساڵی 729 ی میلادی) كۆچی دوایی دەكات و جیهان بۆ هەتاهەتایی جێدەهێڵێت و دوای خۆیشی شاكارێكی ڕازاوەی بۆمان جێهێشت كەبریتی بوو لەكتێبی خەوننامەی ئیبن سیرین.
لێدوان لە بلۆگەر
لێدوان لە فەیسبووک