١. ڕوت كردن چیە ؟
- بریتیە لە كرداری بەدەستهێنانی دەسەڵاتی زیادە لە ناو مۆبایل كە لەڕێگەی ئەم كردارەوە دەتوانیت بەرنامەی ڕێگەپێنەدراو دابەزێنیت و چەندەها بەرنامەش كە بەبێ ڕوت كردن ئیش ناكەن و سودمەندن و پێویستن.
٢. سودەكانی ڕوت كردن چین ؟
- بەهۆی ڕوت كردنەوە دەتوانیت هەندێك بەرنامەی تایبەت ئیش پێبكەیت كە بەبێ ڕوت كردن ئیش ناكەن، ئەو بەرنامانەش زۆرن، هەروەها دەتوانیت ڕومی دروستكراو واتە نافەرمی دابەزێنیت، و ( هەموو ) داتای ناو مۆبایلەكەت باك ئەپ بكەیت و بیهێنیتەوە لە كاتی پێویست دا كە ئەمانە هیچیان بەردەست نین بە بێ كرداری ڕوت كردن.
٣. زیانی ڕوت كردن چیە ؟
- تاكە زیانی ڕوت كردن بریتیە لەوەی كە گرەنتی مۆبایلەكەت لادەبات، پێم وابێت بۆ كوردستان شتێكی ئەوتۆ نیە چونكە لێرە شتێك نیە بە ناوی گرەنتی ! بەڵام ئەمەش چارەسەر دەكرێت بە دوبارە دابەزاندنەوەی ڕومێكی تری فەرمی ئەندرۆید كە دەبێتە هۆی لابردنی ڕوت كردنەكە.
٤. چۆن بزانم مۆبایلەكەم ڕوت كراوە ؟
- چەند ڕێگایەكە هەیە بۆ ئەوە، دوای ڕوت كردن دوو یان یەك بەرنامە زیاد دەبێت بۆ لیستی بەرنامەكان ئەوانیش بە ناوی SuperSU لەگەڵ CWM، دابەزنینی ئەم دوو بەرنامەیە ( بە تایبەتی SuperSU ) مەرجە بۆ سەركەوتنی ڕوت كردنەكە، ڕێگەیەكی تر بە دابەزاندنی بەرنامەی Root Checker دەبێت كە پێت دەڵێت كە ئایا مۆبایلەكەت ڕوت كراوە یان نا، یان دەتوانیت بەرنامەیەك تاقی بكەیتەوە كە پێویست بە ڕوت كردن دەكات بزانیت ئیش دەكات یان نا، ئەگەر ئیشی كرد واتە مۆبایلەكەت ڕوت كراوە یان بەسەركەوتوویی ڕوتكراوە بە پێچەوانەشەوە، بۆ مۆبایلی سامسۆنگیش لە دوای ڕوت كردن و لە كاتی داگیرسانەوەی مۆبایلەكەدا سێگۆشەیەكی زەرد دەردەكەوێت لەژێر لۆگۆی سامسۆنگ دا كە بەڵگەیە بۆ ئەوەی مۆبایلەكەت ڕوت كراوە.
٥. ئایا مەرجە بۆ هەر ڕوت كردنێك ئەو دوو بەرنامەیە دابەزێنرابن ؟
- نەخێر. تەنها بەرنامەی SuperSU بەسە بۆ سەركەوتنی كرداری ڕوت كردن.
٦. سودی بەرنامی SuperSU چیە ؟
- ئەمە ئەو بەرنامەیەیە كە دەسەڵاتی زیادە دەدات بەو بەرنامانەی كە بە ئاسایی ڕێگەپێنەدراون ئیش بكەن. بۆیە ئەم بەرنامەیە ڕێگەیان پێدەدات واتە بەرهەمی ڕوتكردن بریتیە لەم بەرنامەیە كە دەسەڵاتی زیادە دەدات بەكارهێنەر.
٧. ئایا تەنها بەرنامەی SuperSU بەرهەمی ڕوت كردنە؟
- نەخێر. لە هەندێك جۆری تری ڕوت كردندا بەرنامەیەكی تر دادەبەزێت بەناوی SuperUser ( لەجیاتی SuperSU ) ئەمیش هەمان ئیشی SuperSU دەكات بەڵام گەشەپێدەرێكی تری دروستی كردووە جیاواز لەوەی یەكەم.
٨. كوامیان باشترن SuperSU یان SuperUser ؟
- هەردووكیان باشن. بەڵام SuperUser هەندێك كێشەی هەیە لە هەندێك لە ڤێرژنەكانیدا و زۆرتریش SuperSU بەكاردەهێنرێت واتە سەركەوتووترەو باشترە.
٩ – ئەی بەرنامەی CWM چیە ؟
- ئەمەش بەرنامەیەكە كە هەندێك جار لە كاتی ڕوت كردندا دادەبەزێت لەگەڵ بەرنامەی SuperSU, ئەم بەرنامەیە ڕێگەدەدات بە دابەزاندی بەرنامە، ڕاستەخۆ چونە ناو دۆخی داونلۆد، دۆخی ڕیكەڤەری و چەندەها تایبەتمەندی تریش.
١٠. ئایا ڕوت كردن دەبێتە هۆی كوژانەوەی داتای ناو مۆبایل ( فۆرمات )؟
- نەخێر. بەڵام باشتر وایە هەر باك ئەپێكی بەرنامەكانت بكەیت نەوەكو كێشەیەك ڕوبدات لەكاتی ڕوت كردندا.
١١. ئایا بە تەنها ڕوت كردن كافیە بۆ دانانی ڕومی ئەندرۆیدی نا فەرمی ؟
- بۆ هەندێك مۆبایل بەڵێ وەكو مۆبایلی سامسۆنگ ، سۆنی، بەڵام مۆبایلەكانی تری وەكو ئێچ تی سی ، ئێڵ جی، نێكسەس، هەندێ مۆبایلی تر تەنها بە ڕوت كردن ناتوانیت ڕومی ئەندرۆیدی نافەرمی دابەزێنیت بەڵكو دەبێت لەگەڵ ڕوتكردنەكەشدا ئەنلۆكی بكەیت واتا قفڵی بوتلۆدەرەكەی بكەرەوە.
١٢. ئایا فایلی ڕوت كردنی مۆبایلێك بۆ مۆبایلێكی تر دەبێت ؟
- بەشێوەیەی گشتی نەخێر، بەڵام هەندێك جار گەشەپێدەری شارەزا لەوبوارەدا دەتوانێت فایلی ڕوتكردنی مۆبایلێك بۆ مۆبایلێكی تر بەكاربهێنێت و بە هەندێ دەستكاری كردنەوە دەتوانێت وای لێبكات ئیش بكات لەسەر مۆبایلێكی تر ( نمونە وەك بەكارهێنانی فایلی ڕوت كردنی گوگڵ نێكسەس ٤ بۆ سۆنی ئێكسپێریا زی ) هەروەها هەندێك جار دەتوانیت فایلی ڕوت كردنی ڤێرژنێكی دیاریكراوی مۆبایلێك بەكاربهێنیت بۆ ڕوتكردنی ڤێرژنێكی تری ( هەمان ) مۆبایل. بەڵام بە بێ بوونی شارەزایی لەم بوارەدا ئەوا ئەگەری زۆرە مۆبایلەكەت تێكبچێت یان نەچێتەوە ناو سیستەم هەربۆیە دەبێت خۆت بە دوور بگریت لەم كردارە هەتا تەواو تەئكید نەبیت و زانیاریت هەبێت كە دەبێت بۆی و پێشتر كراوە لەبەرئەوە وریا بە !
١٣. چی ڕوودەدات ئەگەر فایلی ڕوت كردنی مۆبایلێك بۆ مۆبایلێكی تر بەكاربهێم ؟
- لە زۆربەی كاتەكاندا دەبێتە هۆی ئەوەی مۆبایلەكەت نەچێتەوە ناو سیستەم واتە لەسەر لۆگۆی مۆبایلەكە دەوەستێت و هەندێك جاریش دەبێتە هۆی تێكچوونی مۆبایل.
١٤. ئەی چارەسەری ئەمە چیە كە بەهەڵە فایلی ڕوت كردن بۆ مۆبایلێكی تر بەكاربهێنم ؟
- لە زۆربەی كاتەكادا ئەم كێشەیە چارەسەر دەكرێت بە دابەزاندنی ڕومێكی تری ئەندرۆید، بەڵام ئەمەش بە پێی جۆری مۆبایل دەگۆڕێت.
١٥. ڕوت كردن هەر بە فایلی ڕوت كردن دەكرێت ؟
- نەخێر بە تەنها، هەندێك بەرنامەی تر هەن كە بەڕاستەوخۆیی مۆبایلەكەت ڕوت دەكەن بەڵام بۆ هەموو مۆبایل و ڤێرژنێكی ئەندرۆید ئیش ناكات!
١٦. پرۆسەی ڕوت كردن جیاوازی هەیە لە مۆبایلەوە بۆ مۆبایل ؟
بەڵێ بە پێی جۆری مۆبایل دەگۆڕێت
لێدوان لە بلۆگەر
لێدوان لە فەیسبووک