ئەو خواردنانەی لە جەژندا رێگریی لە بەرزبوونەوەی شەکرە دەکەن




بەرزبوونەوەی رێژەی شەکر لە خوێندا بەهۆی خواردنی چەور و شیرینییەوە یەکێکە لەو کێشە تەندروستیانەی زۆرترین جار روودەدات لە جەژندا.


ئەمانەی خوارەوە چەند خۆراکێکی سروشتین کە هاوکاری دابەزینی رێژەی شەکر دەکەن لە خوێندا:


١- دارچینی
دارچینی رێگریی دەکات لە تووشبوون بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەکرە و رێژەی شەکر لە خوێندا دادەبەزێنێت. لە لێکۆڵێنەوەیەکی زانستیدا دەرکەوتووە دارچینی بە تەنها نابێتەهۆی دابەزاندنی رێژەی شەکر، بەڵکو رێژەی کۆلیسترۆڵی جۆری خراپ و ترایگلیسراید کەمدەکاتەوە، لەکاتێکدا رێژەی کۆلیسترۆڵی جۆری باش بەرز دەکاتەوە.


٢- سیر
بۆ ماوەی چەندین ساڵە سیر وەک چارەسەرێک بۆ کۆلیستڕۆڵ بەکاردێت، لە هەمانکاتدا چەند توێژینەوەیەکی نوێ ئەوەیان سەلماندووە کە سیر رێژەی شەکریش کەمدەکاتەوە و دەبێتەهۆی بەرزکردنەوەی هۆرمۆنی ئینسولین لەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە.


٣- ئەڤۆگادۆ و گوێز
ئەڤۆگادۆ و گوێز دەبێتەهۆی کەمکردنەوەی چانسی تووشبوون بە کۆمەڵێک نەخۆشی مێتابۆلیزم، لەوانە نەخۆشی شەکرە.


ئەو خواردنانەی (وەک ئەڤۆگادۆ و گوێز) کە چەوری جۆری باشیان تێدایە، دەبنەهۆی تواندنەوەی چەوری جۆری خراپ و کەمکردنەوەی رێژەی شەکر لە خوێندا. هەروەها دەبنەهۆی کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو خانانەی کە بەرگرییان دژی ئینسولین پەیدا کردووە و ئینسولین چیتر کاریگەری نییە لەسەریان.


گوێز و ئەڤۆگادۆ لەهەمانکاتدا کاریگەری باشیان هەیە لەسەر پەستانی خوێن و هەڵئاوسان.


٤- تووی شین و تووی رەش
تووی شین و رەش دەوڵەمەندە بە ماددەی (ئەنترۆسیانین) کە بە ماددەیەکی زۆر باش دادەنرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەکرە و قەڵەوی. 

ئەم مادەیە رێگریی دەکات لە دروستبوونی هەندێک ئەنزیمی دیاریکراوی ناو گەدە، بەمەش پرۆسەی هەرسکردنی کاربۆهیدرات خاو دەبێتەوە و رێژەی شەکر لە خوێندا دادەبەزێت. ماددەی ئەنترۆسیانین جگە لە تووی شین، لەناو چا و هەنگوین و گوێز و زەیتی زەیتونیشدا بوونی هەیە.


تووی شین هەروەها دەوڵەمەندە بە فایبەر کە هاوکاری هەرسکردن دەکات.


٥- گێلاس
گێلاسیش هاوشێوەی تووی شین دەوڵەمەندە بە ماددەی ئەنترۆسیانین و بە یەکێک لە خواردنە کاریگەرەکان دادەنرێت بۆ کەمکردنەوەی رێژەی شەکر لە خوێندا.


٦- سرکەی سێو
لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوت خواردنی یەک کەوچک لە تێکەڵەی سرکەی سێو و ئاو پێش نانخواردن، دەبێتەهۆی زیادکردنی چالاکی هۆڕمۆنی ئینسولین، بەمەش رێژەی شەکر کەمدەبێتەوە.
ناردن بۆ گوگڵ پڵەس

لە لایەن JHG

    لێدوان لە بلۆگەر
    لێدوان لە فەیسبووک