لە رۆژانی جەژندا ژمارەیەکی زۆری خەڵک تووشی دڵەکزێ دەبن، بەتایبەت بەهۆی زۆر خواردنەوە.
ئەمانەی خوارەوە چەند رێگایەکن بۆ رێگریکردن و نەهێشتنی دڵەکزێ:
١- پانتۆڵی کاوبۆی تەسک لەبەر مەکە و پشتێنیش بە توندی مەبەستە، چونکە جلی تەسک و بچوک پەستان دروست دەکات بۆ سەر گەدەت.
٢- بەشی سەرەوەی سیسەمەکەت با بەرزتر بێت لەچاو بەشی خوارەوە.
بۆ رێگریکردن لە دڵە کزێ، پێویستە سەر و سنگت لە ئاستێکی بەرزتردا بن لە چاو قاچەکانت، بۆ ئەم مەبەستەش، چەند پارچە بلۆکێک بخەرە ژێر بەشی دواوەی سیسەمەکەت (ئەو بەشەی کە کەوتۆتە ژێر سەرت) بۆ بەرزکردنەوەی.
ئاگاداربە بۆ ئەم مەبەستە نابێت سەرین بخەیتە ژێر خۆت بۆ بەرزکردنەوەی سەر و سنگت، چونکە لەم حاڵەتەدا بەشی سەرەوەی جەستەت گۆشەیەک لەگەڵ بەشی خوارەوەی جەستەتدا دروستدەکات و ئەوکات دڵەکزێکەت خراپتر دەبێت.
٣- واز لە جگەرە کێشان بهێنە، نیکۆتین (کە مادەیەکی زیانبەخشی ناو جگەرەیە) دەبێتەهۆی لاوازکردنی ئەو ماسولکانەی لەنێوان سورێنچک و گەدەدا بوونیان هەیە. لاوازبوونی ئەم ماسولکانە دەبێتەهۆی گەڕانەوەی ترشە ئەنزیمەکان بۆ ناو سورێنچک و هەستکردن بە دڵەکزێ.
٤- شەوان بنێشت بجوو، جوینی بنێشت دەبێتەهۆی رژانی لیکی ناو دەم بۆ گەدە، بەمەش ترشێتی ناو گەدە بەرەوە تفتی دەڕوات.
٥- پێش خەوتن بە هیچ جۆرێک خواردن مەخۆ، پێویستە لەنێوان کاتی خەوتن و ژەمە خۆراکی ئێوارەدا نزیکەی سێ کاتژمێر ماوە هەبێت، خەوتن بە گەدەیەکی پڕ لە خواردنەوە دەبێتەهۆی دڵەکزێ بەهۆی زۆربوونی ترشە ئەنزیمەکان بۆ هەرسکردنی خۆراک.
٦- خۆت لەو خواردنانە بە دووربگرە کە بە دیاریکراوی دەبنەهۆی دڵەکزێ، بۆ نموونە (پیاز، نەعنا، چوکلێت، قاوە، میوە ترشەکان وەک پرتەقاڵ و تەماتە.)
٧- زۆر کەس لە دوای نانخواردن وەرزش دەکەن بۆ رێگریکردن لە دڵەکزێ، بەڵام ئەمە کارێکی هەڵەیە و وەرزشکردن راستەوخۆ دوای نانخواردن دەبێتەهۆی دڵەکزێ، پێویستە لە نێوان وەرزشکردن و نانخواردندا ٢ کاتژمێر ماوە هەبێت.
٨- زۆر کەس بەهۆی قەڵەوییەوە بەردەوام تووشی دڵەکزێ دەبن. باشترین چارەسەر بۆ ئەم جۆرە کەسانە کەمکردنەوەی کێشی لەشیانە.
٩- پێش خەوتن شتێکی ئارام بەخش ئەنجام بدە. دەتوانیت پێش خەوتن یۆگا و تێڕامان بکەیت، یاخود هەناسەی قوڵ بۆ ماوەی چەند خولەکێک هەڵبمژیت.
١٠- لە دوای نانخواردن بە پێوە بۆستە و پاڵمەکەوە. گەر بە پێوە بوەستی، هێزی کێشكردنی زەوی دەبێتەهۆی رێگریکردن لە دڵەکزێ.
١١- پێش خەوتن خواردنەوە رۆحییەکان مەخۆرەوە، چونکە دەبنەهۆی دڵەکزێی شەوانە.
لێدوان لە بلۆگەر
لێدوان لە فەیسبووک