عەبدوڵڵا مەنیع ئەندامی دەستەی گەورە زانایانی ئیسلامی لە سعودیە، بەكارهێنانی یاریی (پۆكیمۆن گۆ) وەك خیانەتەكردن لە نیشتمان ناودەبات، خانەی فەتوای سعودیەش سەرلەنوێ ئەو فەتوایە بڵاودەكاتەوە كە یاریی پۆكیمۆن بە سەرپێچی شەریعەت دادەنێت.
بەپێی هەواڵێكی (دی دەبلیو)ی ئەڵمانیا، شێخ عەبدوڵڵا مەنیع ئەندامی گەورە زانایانی سعودیە، بەكارهێنانی یاریی (پۆكیمۆن گۆ) بە خیانەتكردن لە نیشتمان دادەنێت، چونكە بە وتەی ئەو، زیان بە ئاسایشی نیشتمانی دەگەیەنێت و ئامانج لێی ئاشكراكردنی شوێنە نهێنییەكانە.
مەنیع لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی عوكاز، ئاماژەی بە بەو فەتوایەش كردووە كە پێشتر دەستەی گەورە زانایانی ئیسلامی لەو وڵاتە بۆ حەرامكردنی یاریی "پۆكیمۆن گۆ" دەریكردبوو.
لیژنەی هەمیشەیی توێژنەوە زانستییەكان و فەتوا لە سعودیە، لەم ماوەیەی دواییدا فەتوایەكی دەركرد و تێیدا رایگەیاند "یاریی پۆكیمۆن گۆ" حەرامە، چونكە سەرپێچی شەریعەتی زۆری تێدایە".
سەركردایەتی گشتی توێژینەوە زانستییەكان و فەتوا (خانەی فەتوا لە سعودیە)، سەرلەنوێ ئەو فەتوایەی بڵاوكردەوە كە 15 ساڵ لەمەوبەر دەركرابو و تێیدا ئاماژەی بە حەرامكردنی یاریی پۆكیمۆن كردبوو، بەو هۆیەی سەرپێچی شەریعەتی ئیسلامی لەخۆدەگرێت، بەڵام ئاماژەی بە "پۆكیمۆن گۆ" نەكردبوو كە لەئێستادا لەڕێی مۆبایلەوە خەریكە هەموو جیهان دەگرێتەوە.
لیژنەی فەتوا لە فەتواكەی پێشتردا رونیكردووەتەوە "لیژنەكە ئەو یارییە بە حەرام دەبینێت و ئەو پارەیەش بە حەرام دادەنێت كە بەهۆی یارییەكەوە دەستەبەر دەكرێت، چونكە بە ئاسانی دەستدەكەوێت، ئەوەش جۆرە قومارێكی حەرامكراوە، بۆیە فرۆشتن و كڕینی حەرامە" لەگەڵ ئەوەشدا داكۆكی لە تیۆری پەرەسەندنی چارڵز داروین دەكات كە ئاماژە بە پەرەسەندنی بونەوەرەكان دەكات و رەچەڵەكی مرۆڤ بۆ زیندەوەرە پەرەسەندووەكان دەگرێتەوە".
ئەو لیژنەی كە یارییەكەیان حەرام كردبوو لە هەریەك لە شێخ عەبدولعەزیز بن عەبدوڵڵا ئال شێخ، شێخ ساڵح فوزان، شێخ عەبدوڵڵا بن غێدان پێكهاتبوون.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، عەبدولموحسین ئەلیاش بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری و راگەیاندن بۆ كاروباری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و میدیاكان و میدیاكان لە سعودیە رایگەیاند، دەستەی گەورە زانایان رەتیكردووەتەوە فەتوای نوێی لەسەر یاریی پۆكیمۆن دەركردبێت و راپۆرتە رۆژنامەوانییەكانیش لەو بارەیەوە وردنین.
"پۆكیمۆن گۆ" بریتییە لە ئەپڵیكەیشنێك كە لە مۆبایلە زیرەكەكاندا دادەبەزێندرێت و بە شوێن ئەو یاریكەرانەدا دەگەڕێت كە لە شوێنە راستەقینەكانی جیهاندان تا لێوەی كەسێتییەكانی (پۆكیمۆن) بدۆزنەوە كە لەسەر مۆبایلەكانیان دەردەكەوێت.
ئەپڵیكەیشنەكە دوای ئەوەی لەلایەن كۆمپانیای (نینتندۆ)ی ژاپۆنییەوە لەسەر مۆبایلەكان پەرەی پێدرا، بوار بە یارییكەرەكان دەدات لە شوێنە راستەقینەكاندا بۆ راوكردنی كەسێتیە كارتۆنییە دانراوەكان بگەڕێن، یارییەكەش لەسەر ئاستی جیهان سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێناوە و لەماوەیەكی كورتدا چەندان ملیۆن بەكارهێنەری پەیداكردووە.
لێدوان لە بلۆگەر
لێدوان لە فەیسبووک