ڤیدڵ کاسترۆی رابەری کوبییەکان یادی لەدایکبوونی بۆ کرایەوەو دوێنێ هەینی لە هاڤانا هەزاران کەس بەشداریان لەو یادەی کاسترۆدا کرد، بەو هۆیەی تەمەنی گەیشتە 90 ساڵ، جگەرەیەکیان بۆ دروستکرد کە درێژییەکەی 90 مەترە.
ئەو ئاهەنگەی بۆ کاسترۆ رێکخرابوو لەسەر رێگای مالیکۆنبوو لە هاڤانا کە دەکەوێتە بەردەم بینای کونسوڵخانەی ئەمریکا لە کوبا، بەو هۆیەوە هەزاران خەڵک کۆبوونەوەو خۆشیان دەردەبڕی و ئاهەنگیان دەگێڕا، جگەلەوەی تیمێکی مۆسیقای لاتینی تایبەت بە کلتووری گۆرانی کوبا تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە گۆرانیان چڕیوەو خۆشیان لەگەڵ ئەو خەڵکەدا گێڕاوە.
ئەو جگەرەیەی لە هاڤانا بۆ ڤیدڵ کاسترۆ دروستکرا بە درێژترین و گەورەترین جگەرە دادەنرێت لە جیهاندا و درێژییەکەی 90 مەترە کە هێندەی درێژی یاریگایەکی تۆپی پێ دەبێت، وەک دیاریی رۆژی لەدایکبوونەکەی پێشکەشیان کردووە. دروستکردنی جگەرەکەش ناوی چووە کتێبی گینسەوە بۆ ژمارە پێوانەییەکان.
هەر بەبۆنەی یادی لەدایکبوونەکەی رابەری کوبییەکانەوە، تیمێکی تری مۆسیقای هاڤانا لەسەر چەند بەلەمێکی رەنگاوڕەنگ و بەدرێژایی چەند کیلۆمەترێک لە مالیکۆن، شانبەشانی کۆمەڵێک سەماکار ئاهەنگیان گێڕاوەو یارییە ئاگرینییەکانیان وەک دەربڕینی خۆشی بۆ یادی لەدایکبوونی کاسترۆ بە ئاسماندا تەقاندووە.
ڤیدڵ لەساڵی 1959 شۆڕشێکی گەورەی کرد و سەربەخۆیی بۆ کوبییەکان گێڕایەوە و دەوڵەتێکی دامەزراند و سیستمی شیوعیەت تائیستا لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدا پەیڕەو دەکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی دەسەڵاتی ئەمرییکەکانی لەو وڵاتە وەدەرناو شکۆمەندی بۆ کوبییەکان گەڕاندەوە.
ڤیدڵ کاسترۆ لەماوەی دەسەڵاتیدا سەدان جار هەوڵی تیرۆرکردنی دراوە، بەڵام لەهەموو ئەو هەوڵانەدا بەسەلامەتی رزگاری بووە.
لەلایەکی ترەوە هەندێک لە خەڵکی کوبا رەخنە لە ئەدای کاسترۆ دەگرن کە لەماوەی سەرۆکایەتیدا نەیتوانی بەتەواوەتی وڵاتەکەیان لەژێر چنگی هەیمەنەی ئەمریکا دەربکات و ئازادییە تاکەکەسییەکانی سنووربەند کردووە.
لە ساڵی 2008 ڤیدڵ کاسترۆ بەشێوەیەکی رەسمی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی کوبای رادەستی رائول کاسترۆی برای کرد، هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ خراپی باری تەندروستی و کزبوونی چاوەکانی بەڕادەیەکی زۆر.
جگەرەکەی ڤیدڵ کاسترۆ
لێدوان لە بلۆگەر
لێدوان لە فەیسبووک